12/06/2023
وەرزی چیمەن و چەند سەرنجێک
هەر کاتێک چیمەنە سەوزە تەقلیدییەکەی تێنس دەبینین مایستڕۆی گەورە ڕۆجێر فێدرێرمان دێتەوە یاد، وەرزی چیمەن لە دوای تەواوبوونی وەرزی گڵ دەست پێدەکات کە بۆ ماوەی 6 هەفتە بەردەوام دەبێت.
لە ماوەی ئەم مانگ و نیوەدا 7 پاڵەوانێتی سەرەکی ATP لەگەڵ سێیەم گراندسلامی ساڵ کە ویمبڵدنە بەڕێوەدەچن.
لە وەرزی چیمەن دا هیچ پاڵەوانێتییەکی ماستەرز تا ئێستا بوونی نییە بۆیە زیاتر فۆکەس دەخرێتە سەر ویمبڵدن.
پاڵەوانێتی ویمبڵدن لە 3 تا 16ی مانگی تەمموز ئەنجام دەدرێت و چاوەڕێ دەکرێ ئەمساڵ یاریزانانی ڕووسیا و بیلاڕووسیا بتوانن یاری بکەن دوای ئەوەی ڕێگریان لێکرا لە ساڵی ڕابردوو بەم پێیەش خاڵەکانی پاڵەوانێتییەکە هەژمار دەکرێن لە ڕیزبەندی یاریزانانی تێنس.
بە هۆی جیاوازی ڕووپۆشی یاریگا کە چیمەنە لەگەڵ گڵ و هاردکۆرتەکان، شێوازی یاری کردنیش جیاواز دەبێت، بەو پێیەی باونسی تۆپ کەمترە لەسەر چیمەن بۆیە خێرایی تۆپ زیاترە بۆیە یاری کردن زیاتر پشت دەبەستێت بە سێرڤ و ڤۆلی و ڕالی درێژ کەمتر دەبینین لەسەر چیمەن.
لە 2003 تا ئێستا تەنها 4 یاریزان بوونەتە پاڵەوان لە ئاستی تاکی پیاوان کە ئەوانیش بیگ 4 ن، دوای وازهێنانی ڕۆجەر و پێکانە یەک لە دوای یەکەکانی ڕافا و مۆڕای هەر ساڵێک چەند یاریزانێکی جیاواز دەبینرێن لە قۆناغەکانی کۆتایی شانبەشانی جۆکۆڤیچ.
بۆ ئەمساڵیش نۆڤاک جۆکۆڤیچ بەهێزترین پاڵێوراو دەبێت بۆ بەدەست هێنانی نازناوەکە لەگەڵ چەند یاریزانێکی تر کە پێشبینی دەکرێت ڕکابەری بکەن وەک: تایلۆر فریتز، هورکاچ، ساشا زڤێرێڤ،یانیک سینێر، کارێن خاچانۆڤ و دێنیس شاپۆڤالۆڤ.
هەریەک لە ماتیۆ بێریتینی و نیک کیریۆس و ئاندی مۆڕای پێشتر ئەنجامی بەرچاویان هەبووە لە ویمبڵدن بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا بە هۆی بوونی پێکان نەیانتوانیوە ڕکابەری بکەن لە ئاستێکی بەرز و هاندەران چاویان لێیە ویمبڵدن بیێتە دەرگای گەڕانەوەیان بۆ کێبەرکێی نازناوەکان.